گرنگه پرسی به‌ژینۆسایدناساندنی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه بکرێته پرسێکی جیهانی و ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌بێت...
سه‌ردار ستار
شاری هه‌ڵه‌بجه وه‌ک هه‌ر یه‌ک له شارۆچکه‌کانی تری کوردستانه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته جوگرافیایه‌که‌ی به‌رده‌وام توانیویه‌تی شوێنێکی تایبه‌ت بۆ خۆی دروست بکات له سه‌رده‌می کۆن و ئێستاشدا. له رابردوو هه‌ڵه‌بجه شوێنی مرۆڤه ناوداره‌کان بووه، به گشتیش ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور رۆڵێکی تایبه‌تی هه‌بووه له به‌ره‌وپێشبردنی شارستانیه‌ت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام پشتی به‌خۆی به‌ستووه، له هه‌مان کاتیش‌دا بۆته سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ کوردستان. ناوچه‌ی پڕبه‌رهه‌می خۆماڵی هه‌ورامانیش ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی پڕماناتر کردووه. ئه‌و مه‌ڵبه‌نه‌ده شیعری و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه له دێرزه‌مانه‌وه جێی گوشار و هێرشه کۆنه‌په‌رسته‌کان بووه. بۆیه زۆر جار ویستراوه هه‌ڵه‌بجه له‌سه‌ر جوگرافیا بسڕنه‌وه. به گوێره‌ی مێژووی نه‌نووسراو ده‌وترێت که ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر له‌و ناوچه‌یه رووبه‌ڕووی شه‌ڕێکی گه‌وره بۆته‌وه. چونکه ئه‌فسانه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی وه‌ک مه‌نجه‌نیقه پێناسه ده‌کرێت، که‌وا ده‌وترێ بۆ ئیبراهیم هه‌ڵکرابێت له‌و ناوه‌ش باسی لێوه ده‌کرێت وه‌ک چۆن له زۆر شوێنی تری کوردستانیش باسی ده‌کرێت. واتا یه‌کێک له‌و شوێنانه‌یه که ئیبراهیم تێکۆشانی تێدا کردووه.
دوای ئه‌وه هه‌ڵه‌بجه و ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور رووبه‌ڕووی ئه‌نفای ئیسلام ده‌بن له سه‌رده‌می خه‌لیفه عومه‌ردا. ده‌زانرێ ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌ره‌دوایی ده‌ستبه‌رداری ئایینی ئه‌وکاتی خۆیان واته زه‌رده‌شتی بوون خه‌ڵکی ئه‌و ناوه‌یه. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌وه بڵێین که تا رۆژی ئه‌مڕۆش تا ئه‌و راده‌یه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌ری په‌یوه‌ستن به ژیانی سروشتی کورده‌وای ئه‌وا قسه‌که‌مان زیاتر پشتڕاست ده‌کاته‌وه. خه‌ڵکی کوردستان به گشتی به زه‌بری شمشێر بۆته موسڵمان. بۆیه‌ش چه‌ندین گروپ و ته‌ریقه‌تی جیاجیای تێدا هه‌یه. چونکه هه‌ر که‌س وه‌ک ویستویه‌تی موسڵمانیه‌تی په‌سه‌ند کردووه نه‌ک وه‌کوو ئه‌وانه‌ی بۆیان هێناوه.
ئه‌و کورته پێشه‌کیه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که رووداوی هه‌ڵه‌بجه ئه‌گه‌ر یه‌کلایه‌نه بگرینه ده‌ست، که‌م ده‌مێنێ و ناتوانین مافی خۆمانی پێ بده‌ین. راسته ئه‌و هێرشه دڕندانه‌یه‌ی کراوه‌ته سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نجامی شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مه‌لایه‌نه وه‌ریبگرین، ده‌توانین ئه‌زمونێکی باشتری لێ وه‌ربگرین و دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستانیش باشتر بناسین.
دیاره زۆر له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه نووسراوه و وتراوه و ئه‌وه‌ی من نه یه‌که‌مه و باوه‌ڕیش ناکه‌م کۆتاییش بێت، به‌ڵکو منیش ده‌مه‌وێ له گۆشه‌نیگای خۆمه‌وه ئه‌و کاره‌ساته هه‌ڵسه‌نگێنم. باوه‌ڕیش ده‌که‌م شتێکی زۆر بچوک ده‌که‌م له راست کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام له لایه‌کی تریش ده‌مه‌وێ ئه‌گه‌ر که‌میش بێت ویژدانی خۆم ئاسوده بکه‌م. دیاره ئێمه زیاتر مه‌به‌ستمان کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی ساڵی (1988)ه. بۆیه‌ش زیاتر رووداو و پێشهاته‌کانی ئه‌وکات هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. رژێمی به‌عس دوای رووخانی رژێمی شا له ئێران ئیتر به هاوسه‌نگیه‌کاندا چووه‌وه و حسابه‌کانی جارێکی تر ره‌چاو کرد. ئه‌وه‌ش وای کرد که په‌شیمان ببێته‌وه له‌و رێکه‌وتنه‌ی که له شه‌شی مارسی 1975 کردبووی له جه‌زاییر. هه‌روه‌ها به هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی له ئێران ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مریکا رۆژ له دوای رۆژ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌متر ده‌بوو. بۆیه له تورکیا رێخۆشکه‌ری کرد بۆ کوده‌تای سه‌ربازی به‌سه‌ر ئه‌و شه‌پۆله دیموکرات و چه‌په‌ی که به گشتی تورکیای گرتبوویه‌وه. هه‌روه‌ها رێگایان دا تا عێراق هێرش بکاته سه‌ر ئێران و شه‌ڕێکی هه‌شت ساڵه بکرێت. راسته کاتێک به‌عس هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات زیاتر له ژێر کایگه‌ری سۆڤیه‌ت و په‌یمانی وارشۆدا بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی رۆژ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد، ئه‌وه‌شی به ده‌رفه‌ت زانی که له‌وکاته‌ی ئێران لاوازه، بتوانێ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ بیسه‌پێنێت. له‌به‌ئ ئه‌وه‌ی به‌عس به‌و رێکه‌وتنه‌ی له ساڵی 1975 کردبووی سودمه‌ند هاتبووه ده‌ر و توانیبووی رۆژه‌ڤی کورد له لای خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه دواوه. ئه‌گه‌ر هاتبووایه بیتوانیبوایه ئه‌و ته‌نازوله‌ی بۆ ئێرانیشی کردبوو له کاتی رێکه‌وتنه‌که به ده‌ستی بخستایه، ئه‌وا ده‌بوو سودی دووه‌م، به‌ڵام وه‌ک بینیمان ئه‌و چاوچنۆکیه ناسیۆنالیستانه‌ی به‌عس بووه هۆکاری کاره‌ساتی گه‌وره که له مێژووی مرۆڤایه‌تی که‌م رووی دابێت.
شه‌ڕی عێراق ـ ئێران هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی زۆر هیلاک کرد. نه ده‌وڵه‌ت و نه خه‌ڵکی هه‌ر دوو وڵات لێی سودمه‌ند نه‌بوون و هه‌ر دوو لا زیانێکی زۆری گیانی و ماڵیان به‌رکه‌وت. دیاره ئێران له‌و ره‌وشه لاوازه‌شیدا که تازه شۆڕشی گه‌لانی ئێران سه‌ری هه‌ڵدابوو، له حاڵه‌تێکی شپرزه‌ییدا بوو، به‌ڵام توانی به گشتی خۆی بپارێزێت له‌و به‌ڵایه‌ی به سه‌ریدا هاتبوو. ئه‌وه‌ی ئێران خۆی پێ ده‌پاراست، یه‌که‌م لایه‌نه ئایینزاییه‌که‌ی واته شیعه‌گه‌رێتی بوو. به‌شی دووه‌میش ئه‌و کینه ناسیۆنالیستانه‌ی فارسی بوو که به درێژایی هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌گه‌رێتی فارس پێڕه‌وی ده‌کات. بۆیه ده‌توانین بڵێین ناسیۆنالیزمی فارس سه‌رکه‌وت به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب له که‌سایه‌تی به‌عسدا. ئه‌وه‌ش وای کردبوو هه‌موو جیهانی سوننه و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی پاڵپشتی شه‌ڕێکی دۆڕاو بکه‌ن له که‌سایه‌تی سه‌دامدا.
ئه‌و ماندووبوونه‌ی هه‌ر دوو لا رووبه‌ڕووی ببوونه‌وه له شه‌ڕدا ئیتر هه‌ر که‌س ده‌یویست شه‌ڕه‌که به که‌متری زیان بۆ ته‌واو بێت. به تایبه‌ت عێراق هیچ حاڵێکی نه‌مابوو که شه‌ڕ بکات و مۆراڵی سوپا و خه‌ڵک له ژێر سفردا بوو. هیچ که‌سێک باوه‌ڕی نه‌مابوو که عێراق سودێک وه‌رگرێت به به‌عسیه نزیکه‌کانی سه‌دامیشه‌وه که پێکه‌وه بڕیاریان له‌سه‌ر شه‌ڕ دابوو. سه‌دام بۆ ئه‌وه‌ی شکسته‌کانی خۆی بشارێته‌وه و له هێرشه‌کان بپارێزێت، سه‌ره‌تا له باشوری عێراق چه‌کی کیمیاوی به‌کار هێنا. چونکه ئیتر رۆژانه شۆڕشی نوێی ئێران زیاتر خۆی ده‌چه‌سپاند و ئه‌وه‌شی به ئێرانیه‌کان قه‌بوڵاندبوو که ئه‌وان شه‌ڕیان پێ فرۆشراوه. له به‌شی باشوره‌وه سوپای عێراق رۆژانه گورزی گه‌وره‌ی به‌رده‌که‌وت. ئه‌و شوێنانه‌ی که داگیری کردبوون ئیتر هه‌مووی لێ سه‌ندرایه‌وه. له به‌شی باکوریش ته‌واوی سنوره‌کان به ده‌ستی سوپای ئێران و هێزی پێشمه‌رگه‌وه بوو. بۆیه عێراق رۆژ له دوای رۆژ له به‌شی باکوریش زه‌بری کوشنده‌ی به‌رده‌که‌وت تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به هاوکاری سوپای ئێران بتوانن زۆر ناوچه و هه‌تا هه‌ندێک شارۆچکه‌ش به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو له ده‌ستی حکومه‌ت ده‌رچێت، ئیتر پیلانی هێزه چه‌کداره‌کانی کورد ئه‌وه بوو چۆن بتوانن شارۆچکه‌کان بگرنه ده‌ست. له به‌رامبه‌ر ره‌وشێکی وه‌هادا سه‌دام هیچ هێزێکی خۆپاراستنی نه‌بوو که به چه‌کی ئاسایی بتوانێ شاره‌کانی پێ بپارێزێت.
سیاسه‌تی هێزی سیاسی کوردی چه‌کدار
هێزه سیاسیه چه‌کداره‌کانی باشوری کوردستان به گشتی به درێژایی ته‌مه‌نی چه‌کداری خۆیان ئێرانیان وه‌کوو سه‌نگه‌رێک به‌کار هێناوه بۆ جموجوڵی سیاسی و چه‌کداری خۆیان. ئێرانیش به‌شێکی سیاسه‌تی خۆی له رێگای ئه‌وانه‌وه له‌سه‌ر عێراق به‌ڕێوه بردووه، چ کاتێکیش که کاری پێ نه‌مابن ئه‌وا پشتی تێکردوون. نمونه‌ی ساڵی (1975)یش زۆر رون و به‌رچاوه. هێزی سیاسی کورد خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئێران ته‌نها وه‌ک رژێمی شا ئێمه‌ی به‌دۆڕاندا ئێستا ئه‌و له ناو چووه ئه‌وا ده‌توانین له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی هاوپه‌یمان بین. له لایه‌کی تریش به‌رده‌وام له پاشخانی هێزه سیاسییه‌کانی باشور ئه‌وه هه‌بووه. ئه‌گه‌ر هێزێکی ده‌ره‌وه پشتیوانیمان نه‌کات ئه‌وا ناتوانین شۆڕش بکه‌ین، ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت خاوه‌نی هه‌مان هزرن. ئه‌وه‌ش وای کردووه له بڕیار له‌سه‌ر پرسه سه‌ره‌کییه‌کان سه‌ربه‌خۆ نه‌بن.
خه‌ڵکی باشور له ساڵانی 1987 له ناو مۆراڵێکی گه‌وره‌دا بوو به‌وه‌ی دوژمنه سه‌رسه‌خته‌که‌یان رۆژ له دوای رۆژ به‌روو لاوازی ده‌چوو. ئه‌وه‌ش وای کردبوو ئیتر که‌مترین که‌س سه‌ربازی بۆ ده‌وڵه‌ت بکات. هه‌روه‌ها به گشتی روی کردبووه ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه یان له ماڵه‌وه خۆی بشارێته‌وه و چاوه‌ڕێ بکات رۆژێک زووتر به‌عس بڕوخێت. ده‌توانین ئه‌و هۆکارانه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان کردن بوونه هۆکار بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی کوردی زیاتر به‌ره‌و به پاککردنه‌وه‌ی ناوچه سنورییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران بدات و هه‌رێمی ژێر ده‌سه‌ڵاتی فراوانتر بکاتز ده‌بێ خۆمان له‌وه بپارێزین که ره‌وایه‌تی بده‌ینه دڕندایه‌تی به‌عس له کیمیاباراندا. چونکه ئه‌وه‌ی به‌عس کردویه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێوانه مرۆڤایه‌تیه‌کانه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش دیار بکه‌ین که سیاسه‌تی کوردی ئه‌وکات سیاسه‌تێکی دۆڕاو بوو. چونکه بیانوی ده‌ستی داگیرکه‌ری به‌هێزتر کرد و ئه‌زمونیشی له رابردوو وه‌رنه‌گرتبوو. بۆیه ئه‌وه بزانرێ لایه‌نی کوردی چۆن هاوسه‌نگیه سیاسیه‌کانی ئه‌وکاتی خوێندۆته‌وه، له لایه‌کی تریش چۆن له‌گه‌ڵ رووداوه‌کان مامه‌ڵه‌ی کردووه. ئه‌گه‌ر به‌شێک له‌و رووداوانه‌ی ساڵی 1988 روویان دا، هێزی سیاسی چه‌کداری ئه‌وکات نه‌یخاته ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌وا ناتوانرێ راستینه‌ی رووداوه‌که تێبگه‌ین. چونکه به‌شێکیش له هاوسه‌نگیه سیاسیه‌که ئه‌وان بوون و کاریگه‌ریشیان له گۆڕه‌پانه‌که به‌هێز بووه. بۆیه دور له نزیکبوونه‌وه‌ی یه‌کتر تاوانبار کردن، به‌ڵکو به هه‌ڵسوکه‌وتێکی به‌رپرسیارانه ره‌خنه‌کردنیان پێویسته، ئه‌گه‌رنا ئه‌و دوو نزیکبوونه‌وه‌ی که له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25/7/2009 سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتی و گۆڕان بۆ یه‌کتریان ده‌کرد راست نیه، باوه‌ڕ ناکه‌م سه‌رۆکایه‌تی ئه‌وکاتی هه‌ر دوو هێزی سیاسی پارتی و یه‌کێتی ئاگادارانه ئه‌مه‌یان کردبێت، به‌ڵکو خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه کراوه بۆ هاوسه‌نگیه سیاسیه‌کانی ئه‌وکات، خوێندنه‌وه‌ی راستی سیاسیش ئه‌رکی ئه‌و که‌سانه‌یه که خۆیان وه‌ک به‌رپرسیاری شۆڕش ده‌بینن و خه‌ڵکیش ئه‌و باوه‌ڕی پێداون. بۆیه له به‌رامبه‌ر کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه پێویسته سه‌رکردایه‌تی ئه‌وکاتی یه‌کێتی به ره‌خنه‌دان نزیک ببێته‌وه. چونکه نه‌یتوانیوه گه‌له‌که‌ی بپارێزێت له ده‌ستی دوژمن. وه‌ک چۆن پێویسته سه‌رکردایه‌تی پارتیش ره‌خنه بدات له به‌رامبه‌ر ئه‌نفالی بارزانییه‌کان. چونکه ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه بوون به هۆکاری هه‌ڵمه‌تێکی تری دڕندانه‌ی داگیرکه‌ری.
ئه‌و هه‌ڵوێسته تۆڵه‌سێنانه‌ی کۆماری ئیسلامی به‌رامبه‌ر به‌عس وای کردبوو پشتگیری راسته‌وخۆ بداته هێزی پێشمه‌رگه و پێکه‌وه سه‌نگه‌ر له به‌عس بگرن. به تایبه‌تیش یه‌کێتی دوای راپه‌ڕینه‌کانی ساڵی 1983 زه‌برێکی کوشنده‌ی به‌رکه‌وت. بۆیه تا کۆتاییه‌کانی 1986 نه‌یتوانیبوو خۆی کۆ بکاته‌وه، ئه‌و لاوازییه‌شی زۆرتر بووه هۆکار که خۆی بداته پاڵ ئێران و بگه‌نه رێکه‌وتنی ستراتیژی که له رووداوه‌کانی دواتریشدا ده‌بینین چ کاتێک یه‌کێتی پێویستی به هاوکاری هه‌بووه له‌وێ ئێران یارمه‌تی پێویستی پێ داوه.
به‌کارهێنانی چه‌کی قه‌ده‌خه‌کراوی جیهانی له به‌رامبه‌ر کورد و رووداوی پاکتاوری نه‌ژادی له کاره‌ساتی ئه‌نفالدا دوو دیارده‌ی تازه بوون له بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری کوردی که تا ئه‌وکات روویان نه‌دابوو. ئه‌مه‌ش بووه هۆکار که هێزی سیاسی و چه‌کداری کورد سایکۆلۆژی بشکێ و به شکاوی جارێکی تر دوای وه‌ستانی شه‌ڕی عێراق ـ ئێران له 8/8/1988 روو له ئۆردوگانشینی بکات له ئێران و چاوه‌ڕێی قه‌ده‌ر بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه کاریگه‌رییه‌کی خراپیشی کرده سه‌ر ته‌واوی کۆمه‌ڵگای کوردی و به تایبه‌تیش خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و شوێنانه‌ی که کیمیاباران کرابوون.
راپه‌ڕین و کرانه‌وه‌یه‌کی نوێ له به‌رده‌م کورد
ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه ستراتیژیانه‌ی به‌عس کردنی، به‌تایبه‌ت به داگیرکردنی کوێت و شه‌ڕی دووه‌می که‌نداو و هاتنه سه‌رکاری کۆمارییه‌کان له ئه‌مریکا و روخانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆشاییه‌ک دروست بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌مریکا کۆنتڕۆڵی سیستمی نوێی جیهانی وه‌ک ئێستا نه‌کردبوو. بۆیه هێشتا دڵنیا نه‌بوو ئایا ده‌توانێت ببێته یه‌که‌م زلهێزی جیهان یان نا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو له هه‌وڵی یه‌که‌مدا سه‌دامی نه‌ڕوخاند، به‌ڵام له په‌لوپۆی خست. خه‌ڵکی کوردستان به گشتی و به تایبه‌تیش خه‌ڵکی باشور له‌و ره‌وشه سودمه‌ند بوون. هه‌ر چه‌نده لایه‌نه سیاسیه‌کانی کورد بێ‌به‌رنامه بوون و نه‌یانده‌زانی ئاراسته‌ی رووداوه‌کان به‌ره‌و کوێ ده‌چێت. بۆیه‌ش وه‌ک پێویست سود له راپه‌ڕین و ده‌ستکه‌وته‌کانی که له راپه‌ڕین دروست بوون نه‌کراون. به تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی زۆر بێبه‌ش بوون له خزمه‌ت و داهاتی وڵات، خه‌ڵکی کیمیاباران و ئه‌نفال بوون، به واتایه‌کی تر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان. له‌به‌ر ئه‌و نائۆمێدییه‌ش بوو ئه‌و ناوچه‌یه بووه مۆڵگه‌ی هێزه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌کان و جارێکی تر خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه زۆرترین زیانیان به‌رکه‌وێت. بۆیه ئه‌نجامه‌کانی راپه‌ڕین هیچ ده‌ستکه‌وتێکی بۆ هه‌ڵه‌بجه پێ نه‌بوو، پێچه‌وانه له داگیرکه‌ری به‌عسی رزگاری ببوو رووبه‌ڕووی داگیرکه‌ری ئێران و هێزه ئیسلامیه‌کان ببوویه‌وه، له‌وێشدا پێویست ده‌کات ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی هه‌رێم ره‌خنه بدات له جیاتی ئه‌وه‌ی خزمه‌ت به هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال بکات، پێچه‌وانه به‌ربوونه گیانی یه‌کتری له ناوخۆ له‌گه‌ڵ شه‌ڕ له دژی پارچه‌کانی تر. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ پته‌وکردنی کورسی و به‌جێهێنانی سیاسه‌تی داگیرکه‌ران له‌و هه‌رێمه‌ی له بۆشاییدا بوو.
دوای روخانی به‌عس و به‌رده‌وامی به سیاسه‌تی رابردوو
رووخانی به‌عس به یه‌کجاری خه‌ونێکی له مێژینه‌ی گه‌لی کورد بوو. بۆ ئه‌مه‌ش وه‌کوو جه‌ژنی ئازادبوونی لێهات، هه‌موو چاوه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه بوون که دوای روخانی به‌عس ئیتر ژیانێکی نوێ ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه، به قه‌د ئه‌وه‌ی به‌غدا موشه‌کی به‌رکه‌وت له کاتی روخانی به‌غدا، هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامانیش ئه‌وه‌نده موشه‌کیان به‌رکه‌وت بۆ روخانی رژێمه‌که‌ی ئیسلامیه توندڕه‌و و پاشڤه‌ڕۆکان. چاوه‌ڕێ ده‌کرا دوای ئه‌و قۆناخه برینه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال ساڕ‌ێژ بکرێن. به داخه‌وه دیسان نائۆمێدی به‌رۆکی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به‌رنه‌دا و دیسان کۆتایی به‌و چه‌وسانه‌وه‌یه نه‌هات. بۆیه خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه له 16/3/2005 خۆپیشاندانێکی توندیان کرد و مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌یان سوتاند و ناویان نا "ده‌خیله‌ی سواڵ‌کردنی ده‌سه‌ڵات له جیهان"، له‌م رووداوه‌ش هه‌ڵه‌بجه لاوێکی تری به ناوی "کۆردۆ" کرده قوربانی، به‌ڵام دیسان ده‌سه‌ڵاتداران لایان له هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان نه‌کردووه، به‌ڵام ئه‌و ناڕه‌زاییانه بوون به سه‌ره‌تایه‌کی نوێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نادادپه‌روه‌ری و گه‌نده‌ڵیه‌ی هه‌یه ئاشکرا بکرێن. چونکه ئه‌وه ئاشکرایه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک بڕیاری خزمه‌تکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی نه‌بێت ئه‌وکات با که‌س به ته‌مای خزمه‌تکردن نه‌بێت له‌م هه‌رێمه‌دا. چونکه دوای ساڵی 2003 ئیتر بیانوی هه‌بوونی سه‌دام، نه‌بوونی پاره، نه‌بوونی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی نه‌ما. بۆیه هیچ بیانۆیه‌ک نه‌ماوه بۆ خزمه‌ت نه‌کردن ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت دیاره ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نیازی خزمه‌تکردنی نیه!
له کۆتاییدا پێویسته ئه‌وه بڵێین به قه‌د ئه‌وه‌ی پێویسته ئه‌زمون له‌و رووداوه تاڵانه وه‌ربگرین به هه‌مان شێوه‌ش پێویسته هه‌موو لایه‌ک سه‌فه‌ربه‌ر بێت بۆ خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه له هه‌موو بواره‌کانه‌وه. به داخه‌وه‌ش تا ئێستا به گشتی به‌رپرسیارییه‌تیه‌کی ئه‌وتۆ بۆ خزمه‌تی هه‌ڵه‌بجه نیشان نه‌دراوه. حکومه‌تی هه‌رێم دوای 22 ساڵ بڕیاری دا 88 پرۆژه بۆ هه‌ڵه‌بجه جێبه‌جێ بکه‌ن، هه‌نگاوێکی دره‌نگوه‌خته، به‌ڵام باشه. ئه‌وه‌ی پێویسته وه‌ک کۆتایی بوترێ کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بکرێته رۆژی نیشتمانی. له هه‌مان کاتدا ناکرێ هیچ که‌س و لایه‌ن، پرسی هه‌ڵه‌بجه و یادی تاوانی کیمیاباران له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و خراپی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی کوردستان تێکه‌ڵ نه‌کرێت. بۆ ئه‌مه‌ش یادی ساڵانه‌ی هه‌ڵه‌بجه به شێوازی فێستیڤاڵ و مه‌راسیم و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی مه‌زار و مۆنۆمێنت وه‌کو رێوڕه‌سمێکی نه‌ته‌وه‌یی دیاری بکرێ و مه‌رجیش بێت له‌و رۆژه‌دا هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم له ئاستی یه‌که‌م ئاماده بن. له لایه‌کی تریش پێویسته پێوانه‌ی خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگا و دیاریکردنی ئاستی بژێوی هه‌رێم خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان بێت. هه‌روه‌ها له لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه گرنگه پرسی به‌ژینۆسایدناساندنی بکرێته پرسێکی جیهانی و ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسانه جێبه‌جێ بکه‌ین، باوه‌ڕ ده‌که‌م ده‌توانین کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، له که‌سایه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ش جارێکی تر بابه‌تیانه شرۆڤه‌ی بابه‌ته‌که بکه‌ین. له هه‌مان کاتدا به زیندوویی له ویژدانی گه‌له‌که‌ماندا بمێنێته‌وه.