له ئێسته‌وه من ئیتر ئه‌بمه ئه‌و جووته پێڵاوه‌ى که دواجار له‌پێى کرد و پێ چووه سه‌ر سێداره...
شێرکۆ بێکه‌س
تیرۆرکردن و له‌سێداره‌دان
دوو مه‌دالیا و پێناسه‌ى هه‌ره‌دیارى
ئه‌مڕۆى رووناکبیران و گه‌نجانى ئه‌م کوردستانه‌ن
ئه‌و پێناسه‌یه‌ى که دیکتاتۆره‌کان بۆ دواجار
ئه‌یده‌ن له سنگ و به‌رۆکى قوربانیه‌کانیان
ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ى گوایه بێده‌نگمان بکه‌ن و بمانترسێنن و بمانگه‌ڕێننه‌وه
ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پێناسه‌یه به دیوه جوانه‌که‌یدا بکه‌ینه ملمان و
به قه‌ڵه‌مى رووناکى تاریکى ئه‌وان بکوژێنینه‌وه و بنووسین:
لاى ئێمه له‌م جۆره مه‌رگانه‌وه ژیان ده‌ست پێده‌کاته‌وه و
له‌سه‌ر ئه‌م سێدارانه‌وه سه‌رمان هه‌ڵده‌ستێته‌وه و شه‌وق ئه‌ده‌نه‌وه
تیرۆریستانى سۆرانى مامه حه‌مه و سه‌رده‌شت عوسمان لێره و
ته‌وره‌کانى کۆمارى ئیسلامى له‌و لاو... هه‌ردوو لایان له دوورێیانى
مردن و تاریکیدا یه‌ک ئه‌گرنه‌وه
له راستیدا ئێمه ژیانین و گه‌نجه‌کانمان ئاینده‌ن و
نابڕێننه‌وه
ئێمه چیاین ناگوێزرێنه‌وه
ئێمه شیله‌ین وشک ناکه‌ین
باهۆزین نانوشتێینه‌وه و
زاووزێى ئازادى و گه‌لین کۆتاییمان هه‌ر بۆ نییه و
ژیان خۆین ناتوێینه‌وه
ده‌پێم بڵێن:
له‌م رۆژهه‌ڵاته‌وه تا رۆژئاوا له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌ى ئه‌م وڵاتانه
له کۆنه‌وه تا ئێستا سێداره‌کان چیان له ئێمه‌دا کوشت؟
توانیان چى له هاوارى شۆڕش و ئازادیمان که‌م بکه‌نه‌وه؟
سێداره‌کان توانیان شاهۆ بترسێنن؟
توانیان ده‌ریاچه‌ى وان و ورمێ بێده‌نگ بکه‌ن؟
توانیان چۆک به پیره‌مه‌گروون دابده‌ن؟
ئه‌وه‌ى تا ئێستا سێداره‌کان کردوویانه
هه‌میشه پێچه‌وانه‌که‌ى هاتوونه دی و کاروانمان درێژتر بووه‌ته‌وه
ده‌نگمان زوڵال تر و ئاپووره‌مان چڕ‌وپڕ بووه
سێداره‌کان ترساون، له کورد ترساون
سێداره‌کان به‌زیون و ئێمه هه‌ر ماوین
کۆمارى سێداره‌ى ئیسلامى ئێران
پیر بووه و
به‌ڵام ووره‌ى ئێمه هه‌ر گه‌نجه
کۆمارى سێداره‌ى ئیسلامى ئێران خوارخوار بووه‌ته‌وه و
به‌ڵام ئێمه تازه وا خه‌ریکین له‌مله‌ى به‌رزه‌وه
ده‌ست بۆ خۆر به‌رین و دایبگرینه سه‌ر ئه‌رز
له‌م به‌یانییه‌وه شه‌قامى هه‌ره‌گه‌وره‌ى سنه
بووه به فه‌رزادى که‌مانگه‌ر
له‌م به‌یانییه‌وه، گه‌وره‌ترین باخچه‌ى مه‌هاباد بوو به شیرینى عه‌له‌م هولی
له کازیوه‌ى ئه‌مڕۆوه... هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ى له دایک بوون
ناوى فه‌رهادى وه‌کیلیان لێ نرا
له‌مڕۆوه
له یه‌که‌م گزنگى ده‌مه‌وبه‌یانییه‌وه مه‌هدى ئیسلامیان بوو به گۆمى وان
له شه‌فه‌قى ئه‌مڕۆوه
عه‌لى حه‌یده‌ریان
بوو به تاق‌بوستانى کرماشان
ده‌فه‌رموون سنه له‌سێداره بده‌ن!
مه‌هاباد سه‌ربڕن
ده‌فه‌رموون
مه‌هێڵن منداڵانى ئێمه له‌دایک بن!
ده‌فه‌رموون
مه‌هێڵن باران ببارێت و مه‌هێڵن گیا سه‌وز بێ و
مه‌هێڵن زه‌وى بژی!
من ئیتر له‌مڕۆوه عاشقى چاوانى شیرینى عه‌له‌م هولیم
له‌مڕۆوه هه‌رچى شیعرم هه‌یه ئه‌یکه‌م به
گوڵى گۆرانى بۆ باڵاى شیرین عه‌له‌م هولی
له ئێسته‌وه
من تاڵێ له قژى ئه‌وم
له ئێسته‌وه
من نینۆکى په‌نجه‌ى ئه‌وم
له ئێسته‌وه من ئیتر ئه‌بمه ئه‌و جووته پێڵاوه‌ى
که دواجار له‌پێى کرد و پێ چووه سه‌ر سێداره و
له ئێسته‌وه من بازنه‌ى به‌جێماوى شیرینى عه‌له‌م هولیم
کۆمارى سێداره‌ى ئیسلامی چى له‌سێداره نه‌دا؟
له خه‌ونه‌وه بۆ شیعر و
له شیعره‌وه بۆ ژن و له ژنه‌وه بۆ نان و
بۆ ئاو بۆ گوڵ و بۆ کانی
کۆمارى سێداره‌ى ئیسلامی
ئه‌وه‌ى ناتوانێ هه‌رگیز له‌سێداره‌ى بدا
ئاینده‌یه و ئازادی...
9/5/2010 سلێمانی