هه‌ڵمه‌ت دارێ بوو دار
پێشكه‌شه به یادی شه‌هید هه‌ڵمه‌ت (دیار غه‌ریب)
هه‌ڵمه‌ت شارێ بوو شار
كووچه‌ی نیگای ورده شه‌پۆلێكی هێور
شه‌قامی هزری ئاخناو دیموكرات،
وشه‌كانی پڕ بوون له ده‌رگا
په‌نجه‌ره‌ی سینه‌ی باوه‌ش باوه‌ش
بریقه‌یان ده‌هات.
هه‌ڵمه‌ت دارێ بوو دار
شاخی پڕبوون له‌ده‌ست
پڕ له‌گه‌ڵای پێخواس
پڕ له‌سێبه‌ری پینه پینه
پڕ له گێلاسی قاسملو، مو‌سا عه‌نته‌ر،
شكۆفه‌ی، شكۆفه‌ی مامه ڕیشه بوو.
ریشه‌ی
شاری شه‌هید، گلۆپی شه‌هید، دیوار و دیرۆكێكی شه‌هید بوو.
هه‌ڵمه‌ت خاكێ
پڕ له تۆزی ماندوویی
هه‌وار هه‌وار ده‌گه‌ڕا
ئه‌وانه‌ی تینوی دانیشتنن
قوپێ خاككا به‌دانیشتنیان.
هه‌ڵمه‌ت گه‌نم بوو گه‌نم
پڕ له په‌پووله‌ی كه‌نین
ئه‌ستۆی خۆی به‌داس
سینه‌ی خۆی به‌ده‌ستاڕ
ورد ورد خۆی ئارد نووسی،
ببێ به‌نان و
بگا به منداڵێكی پێ‌خواسی دیاربه‌كر!.
ره‌نجێكی میعمار
له‌ناخی وه‌رزێك،
داڕژان سپێده‌یه‌كی تازه
له به‌یانیه‌كی زنجیركراو ئاوێزان؛
ره‌نجێكی میعمار
زستان كلو كلو به‌فری ده‌كرد به ده‌فته‌رێ
به‌هار نێرگزێكی تێ بنوسێ،
پاییز
شان به‌شان خه‌زان
ده‌كه‌وته ناو باخی بارووت و ئینكاری هه‌بوونێ
هه‌ڵی ده‌وه‌ران هه‌ڵی ده‌وران،
میعماری ره‌نجێ
بونیاد، بونیاد هه‌بوونێ
له‌دێرێكه‌وه
له ئابلۆقه و په‌لاماری ئه‌ژده‌هاكی نه‌بوون.
ژیله‌مۆیێ له‌جنسی هه‌ڵه‌بجه
ژیله‌مۆیێ،
خۆڵه‌مێشی كاپیتاڵ
هه‌رچی خۆی هه‌ڵده‌بڕی
نه‌یتوانی داتمركێنێ،
پڕ له‌سه‌مای كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ
ده‌سماڵی شه‌راره‌ت ده‌گه‌ڕان.
ناسڕێ، ناكوژێته‌وه
هه‌موو توران ببن به‌شه‌و
به‌چۆڵ و بیابان
ناگه‌ن به‌غاره غاری تیشكت،
ئه‌نادۆڵ قات قات
خۆ به‌یه‌ك بدوورن
پێڵاوی عوسمان و سه‌لجوق له‌خۆكه‌ن
ناگه‌ن به‌قوڵایت.
تۆ لاژوه‌ردی * له‌ناو ئاسمان
سه‌رابێكیت سه‌ماگه‌ران له‌ناو نیوه‌ڕۆ
زه‌ردیت له‌ناو پاییز
خۆشه‌ویستیت له مه‌م و زین
تۆ خوڕ خوڕی ئاوی كانی
تۆ زه‌ریایێ مانای
له‌بن وشه‌ی ئینسان
له‌تنیشت مێژوو،
تۆ شه‌قامێكی له‌باوه‌ش هه‌ره‌دۆت
هاوسه‌نگه‌ری له گه‌ڵ مه‌ردۆخ و ئه‌مین زه‌كی و سوجادی.
سوڵتانه‌كانی عوسمانی و توران
هه‌زاران كیلۆ مه‌تر ده‌مارو خوێنی
فاشیست
به‌رد به به‌رد ئه‌نادۆڵ
ببن به‌مه‌رگ و بارووت
ناتوانن خۆڵه‌مێشت بنوسن
ئه‌ی ئه‌خگه‌ر*!.
له سێ گۆشه‌ی به‌رمودای زه‌مان
مه‌نشورێ: مێژوو...
ئه‌مڕۆ... ئاینده...
قاچه‌كانت ئه‌ڤه‌ره‌ست بوون ئه‌ڤه‌ره‌ست
له‌سه‌ر جاده‌ی مێژوو
ئاسن راوه‌ستابوو
نه ئێش ژه‌نگی پێ ده‌هێنا
نه به‌تلاغ و تاریكی ماڵی خۆمان ته‌نگی پێ ده‌هێنا.
هومێدت شینتر له ئامازۆن
ئارمانجت ئه‌كواتۆر*
به‌ده‌ور كوره‌ی ئینسان!
ئه‌مڕۆت كۆشه‌شێكی رووناك
ئه‌هرامه گه‌وره‌و بچووكه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بن
هیچ فیرعه‌ونی تاریكیێ
ناتوانێ هه‌ڵتمژێ؛
ره‌نجت دایك
مێژوو دایك، چرۆ ده‌كا
دیسان به شه‌به‌قێ
دێته‌وه‌و هه‌ڵده‌كا به گوێسوانه‌ی ئاینده!
هاوارت ئه‌كرد
ئه‌ی به‌رمودای ئه‌مپریاڵ:
تاكوێ هه‌ڵمده‌مژی تاكوێ...؟!
ناگه‌ی به‌دوایم ناگه‌ی
قوڵایم قوڵتر له بڵندای تۆیه؛
ئێسكی مێژووم قایمتر
له ددانی ئاسنینی سێ هه‌زار ساڵه‌ت.
تۆ خه‌نجه‌رێ بووی له‌پشتێنی
پیره جوگرافیایێ كه‌وانی
تۆ هه‌ناسه‌یێ له‌ناو هه‌ناسه‌ی هه‌ندرێن
تۆ كه‌نینێكی قه‌تیس له لێوی هه‌سكیف
تۆ كڵاوێكی ئاهوورایی له‌سه‌ر دارستانی به‌ڕوو
ده‌ستێكی خونچیلانه، منداڵێكی خرپینۆكی له‌ئیلام،
تۆ په‌نجه‌ره‌یێكی شه‌هیدی له كۆبانێ
تۆ سپیه‌كی هێمن
له‌ناو قژی ئارارت
مێژووی به‌فرت ده‌نووسی.
تۆ هه‌ڵمه‌تێ له‌ناو هه‌ڵمه‌تی گه‌ریلایێ
بۆ دیارێ پڕ له غه‌ریبی شه‌هید ده‌بێ!
بروسك ئاگرۆ
3\8\2019